
گەلەری جیهان لە هەولێر
ئەندازیارو شێوەکاری کورد بورهان سابیر
cihan geleriy in erbil
ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر..٢٠٢٥
سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان یەکێکە لەو سەنتەرە هونەریانەی کە هەفتانەو مانگانەو ساڵانە چەندین پێشانگا و نمایشی جیاجیای تێدا ئەنجام دەدرێت بە شێوەی تاکە کەسی و هاوبەشی ، کێ لە پشت هەنگاوەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهانەوەیە ، کێ پلانی هونەری دادەنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵە کارێکی ناوازە و تایبەت نمایش بکرێت .. بۆ دیدەو تێڕوانینەکان من سەرەنج لە چەند هەنگاوێك دەدەم کە پێشترینی هەیە ، زانکۆی جیهان دەستپێشخەری ئەو کارانەن کەلە جیهانی دەرەوە بۆ کوردستان دەهێن ، یان وێستگەی کۆکەرەوەی هەموو هونەرمەندو ڕۆشنبیرانە وە کەلتوورو هونەری هونەرمەندان بناسێنێت بە دیدەی قوتابیانی زانکۆکە و سەردانکەران لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ڕەوتێکی پێشکەوتوو دەباتە پێشەوە .
شێوەکاری کورد ئەندازیار بورهان سابیر لەساڵانی ١٩٨٩ وە لەدوورو نزیکەوە دەیناسم بەتایبەتی لەساڵانی ١٩٩٠ لەگەری ئاری پێشانگایەکم لەقەڵای هەولێر کردەوە کە ئەوکات هونەرمەند بورهان خاوەندارێتی دەکرد ، بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمەدا من نەمبینی ، پێشانگاکەم بەناوی پەیکەرە سووتاوەکانەوە بوو کە یەکێتی ئەدیب و نوسەرانی کورد لقی هەولێر لە ڕۆژانی ٢١ / ٤ / ١٩٩٠ کردەوە کارەکان بریتی بوون لە ٢٦ کاری جۆراو جۆر ، هەر ئەو کاتیش پێشانگا لەدوای پێشانگا ساز دەکرا .. لە پێشانگاکەی حمە هاشم بەڕێز ئەندازیار بورهان سابیرم بینی کە تەنها ناوەکەی لام هەبوو لەگەڵ وەبیر هێنانەوەم لەکارە هونەریەکانی کە ئەو کات بەکاری ماسك ناسرابوو وە بەکاری پەیکەرە جیاجیاکان کە جیاواز تر بوو لەکەسانی تر ، زۆر بەخۆشحاڵییەوە سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیری گەلەری زانکۆی جیهانم کرد بۆ ئەو کارانەی کە بوون بە وێستگەیەکی هونەری و کەلتووری لە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێر .
پەیام و بیرکردنەوەی ئەندازیار بورهان سابیر چی بووە ، ئەوەی من دیدەم لێ گرت کۆکردنەوەی هونەرمەندان و دەست ڕەنگینەکانە ئەو داهێنەرو تازەگەریانەن کە لەم سەردەمەدا من و تۆو کەسانی تر دیدەی لێ دەگرن ، ئەو کارانەن ئەو دەست ڕەنگینانەن کە من و تۆ ئەوانی نەیان بینیون وە نەیان بیستوون ، واتە ڕێگەیان نەکەوتۆتە یەکتردی ، ماڵی ڕۆشنبیری گەلەری جیهان ئەو وێستگەیەیە کە هونەرمەند بورهان بیری لێ کردۆتەوە کە برینییە لە هەموو زمانەکانی هونەر ، شەرت نیە خەڵکی کام جێگەو ماڵیت وە لە کوێوە هاتووە ، گرنگ چ پەیامێکی هونەری گرنگی پێیە ، ئایا وێستگەی ئەو هونەرمەندانە نین کە هەریەکەیان لە جێگەو ووڵات و سروشتێکدان ، بەڵام لە پێشانگایەکی هاوبەشدا ئەو توانیویەتی کۆیان بکاتەوە وە زیاتر بەیەکتریان بناسێنێت .
هونەری هاوچەرخ
ئەوکاتیش من دیدەی ئەوەم دەکرد کە هونەرمەند بورهان بەدوای هونەرێکی هاوچەرخەوەیە وە گەڕدانە بەدوای شێوازو کاریگەریەکی نوێ دا ، بەتایبەتی چالاکیەکانی لە سەردەمی ڕابردوودا لەساڵانی١٩٧٥ وە تاوەکو ئێستا ، بەتایبەتی ئەو کات ئەو لەبەغدا بووە کە دەرچووی زانکۆی ئەندازیاری کارەبا بووە ، بەڵام خولیای هونەری کەلتوورو ڕۆشنبیری واتای ئەوە نیە کە مرۆڤ حەزو ئارەزوەکانی بەرجەستە نەکات وە بەردەوام نەبێت ، سەرەڕای زەحمەتی و دژواری ڕۆژانی ڕابردوو ، شێوەکاری بورهان بەدوای تازەگەریدا گەڕاوە هەربۆیە ئەو کەرەستانەی کەلە پەیکەرسایدا بەکاریان هێناوە لە بیرۆکەو خولیای خۆی بوون ، داهێنان و تێکەڵکردنی کەرەستەکانی وەکو ڕێگە چارەیەك بەکار هێناوە تاوەکو شتێکی نوێ بخاتە بەرچاوی بینەران و هونەرمەندان ، بە پێوانەو نەرمی بۆ بەدەست هێنانی ئاستی دەست و پەنجەی هونەری بە شێوەی قەبارەیی جیاواز ، ئەوەش ئەگەر دیدە لەکارەکانی بکەیت بەو شێوەیە دەیبینیت .
دامەزراندنی گەلەری ئاری لە قەڵای هەولێر لەتەنیشت حەمامەکە
ساڵانێکی زۆر لە چالاکی و نمایشی کاری هونەری .. بۆچی کەمتر لەسەر ئەو چالاکیانە نوسراون ! بۆچی تیشك نەخراوەتە سەر ئەو ماندوو بونەی کەلە ڕابردوودا بۆ هونەرمەندان بەرجەستەی کردوە باس نەکراوە وە ناکرێت ! ئەوەی من بزانم زۆربەی هونەرمەندانی کورد نمایشی هونەریان لەو گەلەریەدا کردوە وە گرنگیەیەکی ئێجگار زۆری هەبوە ، بێجگە لەگەری هۆڵی میدیا لەهەولێر ، ئەو گەلەریەش جێگای سەرەجی ڕۆشنیران بوو . بە پێویستی دەزانم هونەرمەند بورهان سابیر ئەگەر هونەرمەندەکان هاوکاری بن دەتوانێت فۆڵدەرو مێژووی ئەوکاتی گەلەری ئاری زیندوو بکاتەوە بە چاپکردن یان زیاتر تیشك بخاتە سەر ئەو مێژووە شکۆدارە کە تاکە ڕێگایە بوو بۆ نمایش کردن و دەربڕینی هونەرمەندانی کورد ، زۆر جار کارە هونەریەکان یان ئەو کەسانەی کە بەردی بناغەی پرۆژەیەکیان دانابێت بەکەمی باسی هیمەت و هەوڵەکانی دەدرێت ، هۆکار ئەوەیە یان گرنگی پێ نادەن یان نایانەوێت زووم بچێتە سەریان ، دیسانەوە ئەو نەرجەسیەتەیە کە هونەرمەندان تووشی دەبن ، ئەگینا دەوڵەمەند کردنی ئەو پەرتووکەی کە باسی گەلەری ئاری دەکات پێویستە مێژووەکەی بپارێزین .
ماسکەکان چی بوون
ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین دەبینین هونەرمەند ئەندازیار بوهان سابیر کەلە دایك بووی ساڵی ١٩٥٦ لە شاری سلێمانی وە لە ساڵی ١٩٧٥ وە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە لەکاری هونەری زۆر کاری گرنگی ئەنجام داوە ، بۆ نمونە ماسکەکان کێ خاوەنی بیرۆکەی ماسکەکان بوون ! پێشانگایەکی هونەرمەند بوهان لە بەغداد و دواتر لە قەڵای هەولێر ساڵانی ١٩٨٩ ئەو هەنگاوە بوو لەپاش توێژینەوەو بەئارامی ئەو بیرۆکەیەی خستە نێو شێوەکارانی کوردەوە .. هەرچەندە زۆر لە هونەرمەندەکان ئەو بیرۆکەیەیان قواستەوە بۆ مەرامی خۆیان و ئیدی بوو بە دووبارەیی ، لەساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکان ، بەڵام ئەم بیرۆکەیە هەنگاوی نا بۆ بەرەو فراوانتر بەتایبەتی لە ڕووی پەیکەرسازیشەوە کە من لەو سەردەمەدا کارم لەسەر کردوە ، ئەگەر بڵێن جیاوزی لە نێوان پۆرترێت وماسکەکان چیە ئەوا جیاوازی گەلێك زۆرە ، پۆرترێت لەوانەیە بیشێوێنی وە کاری دەربڕینخوازی لەسەری بکەیت وە بە تەنها دایبنێیت ، بەڵام ماسکەکان لە چوار چێوەیەکدا چەندین ماسك پێکەوە نمایش دەکرێت ، هەروەك کارئەکتەری ئەمڕۆ مرۆڤەکان زۆربەیان بوون بەماسك ! ئەوە مانای چیرۆکی ئەو ماسکانەن کە زۆرێكی تریش لە هونەرمەندان کاریان لەسەر کردوە وە کاری لەسەر دەکەن .
سەنتەری ڕۆشنبیری گەلەری زانکۆئ جیهان
هونەرمەندو ئەندازیار بورهان سابیر دامەزرێنەری ماڵی جیهانی هونەری لەهەولێرە کە ئێستا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەرەکانی هونەری و ڕۆشنبیری زانکۆی جیهانە لەهەولێر بەتایبەتە بە هونەری شێوەکاری کە زۆربەی بەشەکان لە خۆ دەگرێت وەکو نیگار کێشان و پەیکەر سازی و خاو کردنەوەو شکاندنی بەردەکان و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بەردانەی کە دەکڕێن بە نەقیم و وەکو ئونگستیلە لە دەست دەکرێن یان هەروەکو بەردێکی هەڵتاشراو بە جۆرەها نەخش و نوسراوە کۆنەکان لەسەر تاشەی بەرد بەڵام بە شێوازێکی هونەری هاوچەرخ دانراون وە قوتابیان و مامۆستایان توێژینەوەی لەسەر دەکەن ، هەروەك پێشتر باسم کرد نمایشی دیجیتاڵی سێ لاو چوار لاو ژیری دەستکرد بەشێکن لەو پرۆژانەی کە نمایش دەکرێن ، لەگەڵ ئەوەی هونەرێکی هاوچەرخ کە سنووری نیە لەو گەلەریەیەدا بەرچاو دەکرێت .
پێشانگای جیاجیا وە جۆراوجۆر نمایش دەکرێت بەتایبەتی تەنها چاو لەسەر ئەو هونەرمەندانە نین کەلە نێو کوردستان دەژین بەڵکو سنوورەکانی بڕیوە بۆ دونیای دەرەوە وە ووڵاتانی عەرەبییان هونەرمەندانی عێراقی ، هەربۆیە زۆر جار پێشانگای خانمان وە کۆمەڵەو دەستەو گروپ لەنێو گەلەرییەکانی زانکۆی جیهان بەسەرپەرشتی هونەرمەند بورهان سابیر ئەنجام دەدرێت ، بۆ حاڵی بوون لە هونەرو ڕۆشنبیەیەت .. کاتێك من سەردانی نێو زانکۆی جیهانم کرد هەستم بەوەکرد هەم قوتابیم وە هەم مامۆستایەکم ، زۆرێك لە قوتابیان سەرقاڵی دیدەو وەکو وێستگەیەکی گرنگ دەهاتە بەرچاوم ،گەرم و گوڕی قوتابیان بۆ وانەکانیان وە بۆ گرنگی دان بە هونەرو جیهانی هونەر ئەو تاکانەن کە بە سەرسوڕمانەوە دێنە نێو پرۆسەکەوە وە چاو لە دەست و پەنجەی هونەرمەندەکان دەدەن ، بێگومان جوانی کارێکی نسبی یە واتە کورتدارە بۆ هەیە زوو زوو خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازیکی تر ، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت ، هەربۆیە حەزەکان جیاوازن ، بەو جیاوزیەوە مرۆڤەکان کۆ دەبنەوە وە ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر هونەرو کۆی پرۆسەی هونەر .
هونەرمەند و ئەندازینار بورهان سابیر کەسایەتیەکی جوان و ئەستێرەیەکی گەشی نێو هونەرمەندان و شێوەکارانی کوردستانە ، هەربۆیە وێستگەیەکی هونەری بۆ هەمووان لە گەلەری زانکۆی جیهان لەهەولێر کردۆتەوە ، ئێمەش لە دوای خۆمان ووتەیەك بەجێ بهێڵین .