شێوەکاری کورد ئەکرەم حەیدەر .. لەنێوان ئەزموون و نمایشە هونەریەکاندا

ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر .. ٢٠٢٥

یەکێك لەو هاوڕێو دۆست و هونەرمەندە بەردەوام وەگەڕانەی ژیانم ئەکرەم حەیدەر .. لە نێوان سەرەتایی ساڵانی ١٩٨١ وە تاوەکو ٢٠٢٥ کە بەردەوام لەدوورو نزیکەوە ئاگاداری هەموو چالاکی و سەرقاڵیەکانی ژیان بووین ، هەندێك جار دابڕاوین لە باس و دەنگی یەکتری ، ئەویش بە هۆکاری ژیانی ڕووداوەکان و گۆرانکاریەکان و دوور لە یەکتری ، هەندێك جاری تریش لە زۆر وێستگەی هونەریدا پێکەوە بوین ، چ لە پێشانگاکانی سەردەمی قوتابیمان لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە ساڵانی ١٩٨١ وە لە هەوارە بەرزەی شاری سلێمانی یەوە تا دەگاتە ڕۆژانی قوتابخانەی ڕەنگین یان کۆتا هەنگاوەکانمان ڕۆژانی پەیمانگا لە دوو بەشی جیاواز بەشی شێوەکاری وە منیش لە بەشی پەیکەرسازی ، لەهەموو وێستگەکاندا بیروەری و ئەزموون و چالاکی هونەریمان هەبووە ، سەرەڕای زەحمەتی ژیان و بارودۆخی ژیانی قوتابی و ٨ ساڵی شەڕی عێراق و ئێران کە ئێمەش پریشکی ئەو شەرەمان پێوە بووە ، یان ڕووداوەکانی ناوچەکەمان بە ئەنفاڵ و کیمیابارانی هەڵەبجەو بالیسان وبادینان و کۆمەڵکوژی لەناوچەکانی کوردستان ، دیسانەوە ئێمە بەشێك بوون لە فۆرم و ناوەڕوەکەکان و کاریگەری ئەو ڕۆژانەمان لەسەر بوە وەکو شێوەکارێکی کورد .
هەنگاوەکانی شێوەکاری کورد ئەکرەم حەیدەر بە زۆر هەنگاوی جیاجیادا تێپەڕی کردوە ، لەوانە بنەمای ئەکادیمی ٥ ساڵەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو ئەزموونەدا تاوەکو لەسەر پێ ی خۆمان وەستاین و شارەزایمان پەیدا کرد لە ژێر دەستی کۆمەڵە مامۆستایەکی لێهاتووی ئەو سەردەمەی کە شۆرشێکیان بەرپاکرد بۆ فێرگەو ناسینی هونەرو نیشتیمان پەروەری وەکو مامۆستان عەلی جۆڵاو کوردۆ حمە عەلی و بەختیار قەفتان و عەبدواللە ڕەسوڵ و هیوا عبداللە و عەلی کەریم وحیکمەت هندی و ….. زۆری تر لە مامۆستایان ، کە ڕۆژانە دەبوایە چەندین کاری سکێچ واتە هێڵکاری بە زۆر ئامادەی بکەین و خۆمان ڕابهێنین بەتایبەتی لە نێو بازاڕەکانی شاری سلێمانی ، لە چایخانەکەی مام عەلی و شەعب و بەردەرکی سەرا و گەرمەی جموجوڵی ئەسحابەسپی یان گۆشەکانی تر ، ئەمانە هەموو بوون بە بناغەیەك تاوەکو داهاتوویەکی باشی هونەری شێوەکای دابمەزرێنین .
لەگەڵ ئەوەی کە هەردەم سەرقاڵی هونەر و فۆرم و بابەتەکان بوین لەپاڵ ئەوەشدا خوێندنەوەو تێڕوانی بۆ هونەرەکانی جیهانی و لێکدانەوەیان بکەین ، وە بەشدار بین لە چالاکییە هونەریەکان کە ئەوکات هونەرمەند ئەکرەم حەیدەر یەکێك بوو لە بەشداربوانەی کە پێشانگا گشتییەکان دەکرایەوە بەتایبەتی پێشانگای دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە ساڵی ١٩٨٧ لە گەلەری سلێمانی .
لەگەڵ ئەزموون و تەمەن و بینین و لێکدانەوە بەرگی هونەرەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە شێوەیەك کە قوتابخانە هونەرییەکان ڕۆڵی تایبەتی خۆی دەبێت ، شێوەکار ئەکرەم حەیدەر نزیکەی ٤٤ ساڵ ئەزموونی هونەری هەیە وە بەشداری لە ٣٠ پێشانگای گشتی و تایبەتی بە جیا هەیە ، بەردەوام ئامادەیی هەبووە چ لە کوردستان وە چ لە ووڵاتی سوئید کە وێستگەی ئەم هونەرمەندەیە ، بەشداریەکانی لەکوردستان و دەرەوەی ووڵاتن ، لە گفتووگۆکردنیشدا لەسەر هونەرو ئەزموونی هونەری و شێوەکاری کوردی پڕ ناخە لە ئازارو لێکدانەوەو گفتووگۆی نیگەرانی یان ڕوونکردنەوە لەسەر بونیادی هونەری شێوەکاری کوردی ، بێجگە لەوەی کە ئەزموونێکی پڕو چڕی هەیە لە بوارەکەی خۆی بۆ دەربڕین .
هەنگاوەکانی هونەرمەند لە ڕێبازێكی ئەکادیمی ڕیالیزمیەوە بۆ دەریاچەیەکی تر لە ئابسراك وە هێماخوازی بەڕاستی قووڵ بونەوەو دیگەیەکی تر ی بۆ هونەرمەندەکە هێناوەتە کایەوە ، ئەوەش کاریگەری ڕۆژگاری زەحمەتی ووڵاتێك کە هەتاو لێوەی هەڵنایەت ! مرۆڤەکان تادێت ڕوو لە وون بوون دەکەن لەنێو گۆڕەپانێکی پڕ لە شەڕو مەینەتیدا ، لەلایەکی ترەوە زمانی زپر و مامەڵە دوور لەبەهای مرۆڤایەتی ئەوەش مرۆڤ دەگەینێتە لێواری زەحمەتی ئابستراك ، هەربۆیە زۆربەی تابلۆکان وە ناوەڕوەکەکان گەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە ڕەنگ و هێماو هیڵەکان و پریشکی دەستی وادەکات مرۆڤ دیدگە پەیدا بکات بۆ ڕوانگەی هونەرەکەی ، یان چ لە ژیانی ئەمڕۆی گۆڕانکاری و ژیری دەستکردو تەکنەلۆژیادا قاڵ بوبێتەوە .
نوسەرو ڕەخنەگری عێراقی عادل کامل لە ووتەیەکیدا سەبارەت بەکارە هونەریەکانی هونەرمەند ئەکرەم حەیدەر دەڵێت (( ئەکرەم وەکو هەندێك لە وێنە کێشە عێراقییەکان دەیەوێت ئەو وێنەیە یەکێتیەك پێكبهێنن لە میانەی گوزارشتەوە ، هەروەها لە ڕێگەی باوەشکردن بەجوانیدا وەکو پوختەی دیالۆك کردنێك لەگەڵ سروشدا یاداشك دەکا لەمیانەی هونەرێکەوە بە ناسکییەکانی تاڵ وێنەکێش زیاد لە پێویست جۆشمان نادا بە پێکهاتەکان بەڵکو یەکەکانی بونیاد دەنێ لەڕێگەی پێناسەی گووتارێکی کۆن و نوێ بونەوەی کاكڵ ڕەت ناکاتەوە هەروەها وەزیفەکەشی بەڵکو باوەش دەکات بەناسکیەکی سۆفیانەدا )). سەیری کارە هونەرییەکانی گۆڕانکاریی زۆر بەسەر شێواز و ستایلیی کارکردنیدا هاتووە. دیارترین ئەو گۆڕانکارییەش، پەیوەستە بە گۆڕینی شوێنی ژیان و کارکردنیی هونەریی، لە سلێمانییەوە بۆ ستۆکهۆڵم. سەبارەت بەو گۆڕانکارییە لە کارەکانیدا، ئەکردەم حەیدەری هونەرمەندی شێوەکار، بۆ زەمەن دەڵێت: (بەڵێ راستە من ئەو گۆڕانکارییە بەسەر کارەکانمدا هاتووە. بەتایبەتیش ستایلیی ئەبستراکت. چونکە لە کارکردنمدا ئەپستراکت واتا سرووشت. بەڵام سرووشت بە مانا کۆپییەکەی نا ، بەڵکو بە مانای ئیستاتیکیی و جوانییەکەی. کە من لە کوردستان بووم، زیاتر کارە هونەرییەکانم، هێڵکاریی و کاری سرووشتیی بوون. بەڵام لە سوید پێچەوانە بۆەتەوە، کاری ئەپستراکت دەکەم لە پێناو سرووشتدا. جارو باریش کارێکی سرووشتیی رەنگاو ڕەنگ درووست دەکەم، هەندێ تابلۆی قەبارە گەورەشم درووست کردووە ) .
کارە هونەریەکان جۆراو جۆرن واتە قەوارەکان بەپێ ی فۆرم و داڕشتنەکەیەتی ، بەتایبەتی پرۆژەی کەنڤاسەکان کەبە درێژی داڕێژراوە وە قوتابخانەی ڕەنگاڵەی جیا جیا داڕێژراوە ، ئەم ئەزموونەش یەکێکە لەو ئەزموونانەی کە شێوەکار ئەکرەم حەیدەر پەی بۆ بردووە وە کارو توێژینەوەی لەسەر کردوە وە نمایشی کردوە لەگەلەری و هۆڵەکاندا .چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو کارانەدا کردووە !
من پێچەوانەی ئەوانی تر دیدە لەکارە هونەریەکانی هونەرمەند ئەکرەم حەیدەر دیدە دەکەم بەوەی کە لەناو گووڵ و گوڵزارێکدا وورتر تەمەشای پەلە زەلەکان و گوڵەکان و ڕەنگەکان بدەیت ، هەر ئەو فۆرمە بگوازیتەوە بۆ نێو کەڤاڵەکان ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئایا دەتوانین بیرۆکەو فۆرمەکان لە چوارچێوەیەکدا کۆیان بکەینەوە .. دواتر بینەرو توێژەران ناوی لێ دەنێن چی ! وە چۆن خوێندنەوەیان بۆ دەکەن ، وە چۆن لێ ی تێ د ەگەن ! ئەوەش دەمێنێتەوە بۆ بینەرو سەرەنج ڕاکێشەکانی ئەو تابلۆیانەی کە هونەرمەند بەدەستیان دەهێنێت .
هەندێك جار لە کۆمەڵە کارێکی تری هونەرمەندا ڕووبەری ئاسمانەکان و بۆشایەکان بە ڕەنگی جیاجیا دەبینین ، نمونەش ئەوەیە کە ئایا ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە یان بە ڕەنگێکی تر ، چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم ئاسمان و بۆشایانەدا کردوە ، وە چۆن مرۆڤەکان لە نێو ئەو بۆشایانەدا دەدۆزێتەوە ، دیدەی من ئەوەیە لە ئەزموون و فۆرمەڵەیەکەوە بۆ کارو فۆرمەڵەیەکی تر ، چونکە بەستنەوەی سروشت بە ئاسمانەوە دوو هەنگاوی پێکەوە لکاون ، لە ئەزموونی هەندێك کاری تر دا ئەو گوندو سروشتە جوانەیە کە بنەمایی ڕیالیزمی و ئەکادیمی هونەردا کارە هونەریەکان دەبینینەوە ، هەر بۆیە پەیامی هونەرمەند ئەوەیە کە مرۆڤ و سروشت گرێ بدات بەیەکەوە وە بەهای جوانی ئەو سروشتە لە گوندەکان یان ڕێگاو بانەکان یان چیاکاندا کۆ بکاتەوە .
شێوەکار ئەکرەم حەیدەر لە زۆرنەی سەنتەرە هونەریەکان و ماڵە هونەری وگەلەرییەکان و مۆزەخانەو شارەوانیەکانی ووڵاتی سوئید بەتایبەتی ستۆکهۆڵم بەشداریەکی بەچاوی هەیە وە ئەکتیڤە بۆ بەشداری لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان ، هەربۆیە بەردەوامی بوونی هونەرو خۆیەتی کە نمونەیەکی زیندووی هونەری شێوەکاری کوردی پێشکەش دەکات .

Please follow and like us:
Pin Share

هۆنراوەی ئەنفال