گەڕێك بە نێو ١٠٠ کاری هونەری شێوەکاری کورد حوسێن کاکەیی دا

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا
مرۆڤ کاتێك دیدە لە بەرهەم و شاکارەکانی شێوەکاری کورد حوسێن کاکەیی دەکات ، مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و خەباتی بێ ووچانی هونەرێکی ڕەسەنی پڕ لە ڕووداو کارەسات و چیرۆك و سەرگوزشتەی چەندین سەدەیی وە بیر دێتەوە ، کاکەیی بۆ من تەمەنێکی پڕو چڕن کەلە ئێستادا نازانم لە کوێ وە دەستی پێ بکەم چونکە ماوەی ٤٠ ساڵ زیادو کەمە دەیناسم و پێکەوە گفتوگۆمان کردوە لەسەر هونەرو جوانیەکانی هونەری شێوەکاری وە لە جێگە جیاجیاکاندا ، چ لە کەرکوکەوە کە زێدی لەدایك بوونمان و چاو کردنەوەمانە وە چ لە چیا سەختەکانی کوردستانەوە بەتایبەتی هەڵەدن و یاخسەمەر بەتایبەتی قوتابخانەکەی کۆتەڵ کە لە شاڵی ١٩٨٤ پێشانگایەکی کردەوە ، وە چ لە ئەوروپا بەتایبەتی ووڵاتی بەلجیکا شاری خێنت ، لە زۆر وێستگەدا پێکەوە کاری هونەریمان ئەنجام داوە ، وە پێشتریش دیدەو تێڕوانینی قوڵم هەبوە بۆ کارە هونەریەکانی ، بەڵام ئەمجارەیان سەرەنج لە ١٠٠ کاری هونەری دەدەم کە بەڕاستی قۆڵ هەڵماڵینێکی چڕو پڕن ، چ لە ڕەنگ چ لە قوتابخانەی هونەری کە ئەکادیمیەتی هەموو ڕێبازەکانی بەکار هێناوە .
ئایا ئازارو مەینەتیەکان ئەوەندە زۆرن کە مرۆڤ بەرگەیان بگرێت و لە ڕووبەری کەنفاسەکاندا بیانخاتە ڕوو ! ئایا گێڕانەوەی چیرۆکی نەتەوەیەك یان هەموو مرۆڤایەتی مەبەستە کە هونەرمەند کاکەیی دەیەوێت بەرجەستەیان بکات ! یان ئەوەتا ئەم ١٠٠ تابلۆ هونەریەی کە من دیدەیان لێ دەکەم گێڕانەوە ڕۆژگارو گۆڕانکاریەکان کە هەریەکەیان بە شێوازو قوتابخانەیەك وە بە فۆرم و بەرگەڵەیەکەوە دەیەوێت بەسەرهاتەکانیان لە بیر نەکرێن ، ئایا هزری کاکەیی لەم کۆمەڵە کارانەدا هەر یەك بابەت و بەسەرهاتێکە و دەیەوێت لە ڕەشەبای ڕۆژاگار بیانپارێزێت و لەنێو تابلۆکاندا جێگایان بکاتەوە ، وە دەیەوێت پێش سەردەم و ئێستای ژیری دەستکرد بکەوێت ! کام جوڵەو دینامیکی مرۆڤ هەیە ئەو لەبیری کردبێت و لەو کارانەدا جێگایانی نەکردبێتەوە ! لە زۆربەی کارە هونەریەکاندا من وا دەبینم کە وەکو ناوچەی گەرمەسێرەکەی خۆمان کە هەردەو هەڵەتە وە ووڵاتی بەردەڵانە .. بەرد بە بەرد هەڵیان بداتەوە یان هەڵیانی داوەتەوە و چیرۆکی درێژ خایەنیان بکات بەو چیرۆك و بەسەرهاتەی کەلە نێو تابۆکاندا بەدیار دەکەون ، دەست بردن بۆ دارو بارو سروشت و دیوارە قوڕینەو شەوە ترسناکەکان و گرتن و کۆمەڵکوژی و جینوسایدو کەلتووری کوردەواری بە گەرمیان و کوێستانەوە ، یان چیرۆکی ئەو بەسەرهاتانەی کە ڕوویان داو نەمانبیستن ، یان ئەو دەنگانەی کە هاوارو زیڕەیان نەگەیشتە بەر گوێ ی ئێمە وهەزاران کەسی تر ، یان خۆشەویستی لە ڕۆژانی مانگەشەودا و باهۆزی بیابانەکان ڕایانی ماڵی .
بێگومان هەزران چیرۆکی سەیرو سەمەرە هەیە کە کەسمان ئاگامان لێ نەبوە وە ڕوویان داوە ، بەڵام لە ڕووبەری کەنفاسەکانی شێوەکار حوسێن کاکەییدا ئەمرۆ سەرگوزشتەکەیان بە هێڵ و ڕەنگ و باڵاو دەمووچاو لاشەی ماندوو یان چالاك بەدیار دەکەون ، ئەمەش وا لە من دەکات زیاتر وە قوڵتر سەرەنج لە کارو پیشەکەی بدەم ، بە دیدگایەك کە ڕووی ئەکادیمەیەتی هونەرەکەی بخوێنمەوە وە دیوی چیرۆکە بێ کۆتاییەکان هەڵبدەمەوە ، هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی من لەلام گرنگ بێت کە تیشك بخەمە سەر ئەو کارو چالاکیانە یان ئەوکارە هونەریانەی کەلە ساڵانی ٢٠٢١ وە وە پێشتر یان دواتر هونەرمەند دروستیانی کردوە ، بەڵام هەر مرۆڤێك لە دیدگایەکەوە سەرەنج لە بەرهەم و کارە هونەریەکان دەگرت ، من لە ڕووی پێشکەوتووی دەست و پەنجەی وە هەڵبژاردەی کارەکانو ڕەنگەکان و دابەش بوونی فۆرمەکانەوە لایەکی ڕوومی لێ دەکەمەوە ، لایەکی تریش ئەو پێشکەوتوەی هونەری شێوەکاری لەم سەردەمەی ئەمرۆدا کە نزیکین لە کاریگەری ژیری دەستکرد لە سەر هونەری شێوەکاری جیهانی .
پرۆژەکان
کاتێك وەکو پرۆژەیەکی هونەری تەماشای ئەو خەرمانە کارە هونەریانەی هونەرمەند حوسێن کاکەیی دەکەیت کۆمەڵە قۆناغێکی وەبەرچاو دەکەوێت ، لەهەر پرۆژەیەکدا وەکو بازنە بازنە یان بەش بەش پیك دێت لە شێوەو شێوازێکی تایبەتی کە جۆری کارەکان جیاواز دەردەکەون ، چ لە دابەش کردنی فۆرمەکان وە چ لە بەکارهێنانی کارە ڕەنگەکان و دابەش کردنیان، واتە بەهێڵ و ستایلێکی تایبەت و هەڵبژاردەی ڕەنگی تایبەت هونەرمەند مامەڵەی لەگەڵ کارە هونەریەکەدا کردوە بە شێوەیەك کە لە جیهان و بۆشایەکی تردا خۆت دەبینیتەوە ، کەواتە دەبێت کارە هونەرەییەکان وەکو خشتەیەكی جیاجیا مرۆڤ مامەڵەی بیبینی بۆ بکات ، پرۆژەکە خۆی لە بەش بەشدا دەبینێتەوە کە جار وا هەیە هونەرمەند لە ٥٠ تابلۆدا بەدەری دەخات وە جاری واش هەیە بەهەمان ستایل و شێوەی هەڵبژاردەکان لە ١٠٠ تابلۆو پتریش بەدەری دەخات .
هەڵگری سەرچاوەو فۆرمەکان
جەنجاڵی وە باوەش لەیەك دان و گڵۆڵە بوو ، دەست بەملاکردن یان ئاژاوەیەک کە جیابونەوەی ئەوەندە ئاسان نەبێت ، چوارچێوەیەکی داخراو کە مرۆڤەکانی تێدا بەند دەکەیت یان گەڕان بەدوای ئازادی مرۆڤەکان ! بەڵێ ئەمانەو چەندین دیدەیی تر لە نێوەڕوەکی کارە هونەریەکان بەدی دەکەیت ، وە لێکدانەوەیان بۆ دەکەیت ، مرۆڤ کاتێك دەیەوێت چاو لە کۆمەڵە کارێکی هونەری بگرێت بیری بۆ زۆر ڕەهەندی جیاجیا دەڕوات ، بەتایبەتی بابەتی سەرچاوەی ئەو هەموو ئازراو مەینەتیەیانەی کە مرۆڤ بەسەری هاتوە یان بیستویەتی یان خوێندویەتیەوە یان لە بەچاو دەیبینێت ، بەڵام پۆلێنکردنی فۆرمەکان و سەرچاوەکان بەو شێوەیە ئاسان نیە کە مرۆڤ دواتر لە چوار چێوەی کەنفاسەکاندا دەیانبینێت ، دەبێت هەموو ڕەهەندو لایەکی ئەو سەرچاوانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و لێکدانەوەی بۆ بکەیت ، هەر بۆیە شێوەکار کاکەیی ئەو سەرچاوەو فۆرمانەی بەلێکدانەوەیەکی زانستی بەکار هێناوە لە نێو پرۆژەی کارە هونەریەکانیدا .
بۆچی مرۆڤەکان وەکو تاشە بەردەکان وێنا دەکرێت .. ؟
لەهەندێك کاری هونەریدا واتە لەو ١٠٠ کارە هونەریەدا کۆمەڵە کارێك بە شێوەیەك لە شێوەکان مرۆڤەکان باڵاو جەستەیان وەکو تاشە بەردەکان بەدیار دەکەوێت ، ئایا زمان و جەستەی سەردەمێکی مرۆڤ.. بوون بە بێ گیان ! ئایا دەمانەوێت ڕووداوەکان لە ئاستی تاشە بەردا دیدە بکەین ! یان ئەوە ڕاستی کەسایەتییەکانە ، بەڵام لەدیدەیەکی تروە من وا دەیبینم کە ستایلێکی نەرمی شێوەکانە کە مرۆڤەکان بەتاك کۆ کۆ دەکاتەوە و لەبەرچاوی بینەر زاقیان دەخاتەوە ، وە وەکو بیرۆکە پیوەندیان بەیەکەوە هەیە ، ئەمە کۆمەڵە تابلۆیەکی ترن کە تەواوکەری ئەوانی ترن واتە هەموویان بەیەکەوە پرۆژەیەکن .
ئایا ئاژەڵ و باڵندەکان بەشێکن لە ڕووداوەکان ؟ من وا دەبینم کە هەموو چەمکەکانی مرۆڤ و دەووروبەر خۆی لەنێو ئەفسانەو تراژیدیای کارە هونەریەکانی شێوەکاری کورد حوسێن کاکەیدا خۆی دەبینێتەوە ، هەروەکو چۆن مرۆڤ بە کۆمەڵە ڕواڵەتێك بەدەر کەوتوە ، ئاوهاش ئاژەڵ و باڵندەکان و سروشت بە شێویەکی تر مرۆڤ چاوی لێ دەکات ، واتە گێڕانەوەی سەردەمی ڕابردوو وە ئێستا ، چ لە ژیانی ڕابردووی جەنگ و کاولکاری و کۆمەڵکوژی وە چ لە سروشتی ئێستای ژیانێکی بێ دەنگ لە ژاوەژاو ، وە چ لە مرۆڤەکانی ئێستای نێو ئەوروپا لەنێو کوچەو کۆڵانەکان .. نمایشی لارو جەستەیان و فرۆشتنی گیانی خۆیان و خەون بە ئارەزەوەکانیانەوە ، بەڵام کاتێك باسی سروشت و ژیانداری دەکەین واتە دارو درەخت و هەتاو باڵندەو ئاژەڵ و مرۆڤ کە پێکەوە گرێ دراون .
ڕێکخستنی ڕەنگەکان و ڕەنگدانەوەیان
پێم وا نیە هەر وا بەئاسانی هونەرمەند دەستی بۆ کەڤاڵ و فرچەکەی بردبێت ، پێم واش نیە کاریگەری تەوژمێك بیرو لێکدانەوە هۆکارێك بێت بۆ پەرش کردنی ڕەنگەکان !! هەروەك چۆن لەسەرەتاوە باسم کرد کە پرۆژەیەکی ١٠٠ کاری هونەری کاریگەری خۆی بەجێ هێشتووە ، ئاوهاش هەڵبژاردەی ڕەنگەکان و ئاسمانی کەڤاڵەکان بەشێوەیەکی زانستی لێکدانەوەی بۆ کراوە ، لەگەڵ هەر بابەت و فۆرمێك وە دابەش کردنیان هونەرمەند هەڵگرتەی پانتایەك ڕەنگ و باگراون بوە بۆ جێ بەجێکردنی کارەکەی ، بەپێ ی فۆری ئەو چەند کارەی کەتەواوکەری یەکترن ، ئازادی فڵچەکان و هێڵەکان چ بەنەرمی یان بە زبری هۆکاری تەواکەری فۆرمەکانن ، جۆری هەڵبژاردەی کەش و هەوای ئەو ڕووداوە وە دابەشکردنی لەچوارچێوەی کەڤاڵەکەدا ، هەر بۆیە ڕێکخستی ڕەنگەکان و دابەشکردنی بەشێوەیەکی ئەکادیمی هۆکارێکی تایبەتە بۆ سەرخستنی کارە هونەریەکان .
من چەند لێکدانەوە بۆ ئەو کارانە بکەم ناگەمە ئەوسەری بابەتەکان و فۆرمەکان .. ئازارەکان لەوە قووڵترن
من ئەگەر خوێندنەوەیەکی سەرەتایشم کردبێت بۆ کارە هونەریەکانی شێوەکاری کورد حوسێن کاکەیی ئەوە هیچ کات نەگەیشتومەتە بنچ وبنەوانی بابەتەکان وە لێکدانەوە و هەڵبژاردەی فۆرمەکان کە هونەرمەند خۆی وە لە جیهانە هونەرەکەیدا لێکدانەوەو تێکەڵی جیهانی ئەو فۆرمانە بوون ، بەڵام ئەوەی کە بەچاو دیدەی لێ دەکرێت وە سەرەنجی دا بم ئەو دەوڵەمەندیە هونەریەیە کە کارە هونەریەکانی بەردەوامن ، هەرجارەی بەستایل و بە شێوەو قوتابخانەیەکی هونەری ، وە لەهەر پرۆژەیەکی هونەریدا کۆمەڵە دەمووچاو لەش و لارو جیهانێکی سەردەمیانەی تێدا بەچاو دەوکەوێت ، ئەوەش بەمانایەك دێت ژیری دەستکردی هاوچەرخ ناتوانن لە بەهاکانی هونەری شێوەکاری دەستی کەم بکەنەوە ، واتە داهێنانی دەست و هەستی مرۆڤ من بە گەورەتری دەزانم ، وە نرخی بەهای هونەری وەکو داهێنانێکی مرۆڤ دەمێنێتەوە لە مێژوودا .

Digital StillCamera

Please follow and like us:
Pin Share

هۆنراوەی ئەنفال