لەتیف عومەر
شێتێک بەشێتێکی هاوڕێی وت هاوڕێ گەر ئێوارە نەهاتمەوە
بۆشێتخانە
دڵم لاتە ، خەمت نەبێ
ئاگات لە کەلاوەکەی گەڕەک بێ
بە بەهادین بڵێ
ئەمڕۆ هەرچ پاکەت وکاغەزێکی
کۆکرۆتەوە نەیان سووتێنێ
دەغیلت بم نەوەک ناوی نیشتمانی
لەسەر بێت
دڵنیابە بەهادینە شێت
نیشتمان ناسوتێنێت .×××× 
ئێوارە درەنگێکی بەهار بوو
شەباب پیاوەجوانەکەی شار
لەهەگبەی دڵی لاوانا
لای کارێزەکەی وەستا شەریفەوە
بەرەو کەناری شار ئەهات
لەسەر ڕێیا جەمالی بینی
فەرمووی ڕینگۆ
بەم ئێوارە درەنگە
بۆکوێ ئەچی تۆ
جەمال وتی شەباب
دڵم خەبەری داوە
ئەمشەو بولبول ئەکوژن و
کراسە سپییەکە بەری
دەپێچن لە دەهۆڵەکەی
خۆی فڕێ ئەدەن و د
هۆڵەکەشی ئەدزن
شەباب وتی بڕۆ فریای کەوە
پاشان بەبەر خۆیەوە وتی
جا ئەوشێتانە چۆن ئاقڵێکی
وها دەکوژن
ئەوهەمیشە هەموومانی
خۆش دەویست
بولبول بەبەزمی هەڵپەڕکێ
سەمای پێ دەکردین
ئاخ جەمال گیان ئەم دڵەت
چۆن هەواڵی دا
چۆن فڕێیان داو
دەهۆڵەکەشیان لێبرد
لەو ڕۆژەوە دەڤەری کارێزەکە بەشارەوە بێ بولبولە .
——————
بەهادین : کەسایەتییەکی قسە خۆشی سلێمانی هەمیشەسەرقاڵی کۆکردنەوەی کاغەز و پاکەتی پەناو پاسارەکان بوو خەڵکی شار خۆشیان ئەویست ،ئینگلیرییەکی باشیشی ئەزانی .
شەباب : قسە خوشی لاوان و ئاشڤان بوو هەمیشە پاک و تەمیزو جوان خۆی گۆڕی بوو.
جەمال : دووبارە خۆشەویستی خەڵۆی شار بە جەمال ڕینگۆ ناسرابوو هێندە جوان ڕێگای ئەپێوا دەتگوت ڕینگۆیە ، بۆیە هەروایان پێ دەوت .
بولبول : هەمیشە پانتۆڵ و کراسی سپی یان چاکەتی سپی و بۆینباخی سوور دەهۆڵێکی بچوکی ئەکوتا بە قسە خۆشەکانی دەیگوت دەهۆڵی ئاشتییە .