
هاوڕێ ی تەمەن
شێوەکاری کورد فەلاح شوانی .. پێکەوە نەمانهێشت لە کەرکوك هونەری تاریکی لەدایك بێت
ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر .. ٢٠٢٥
لە ئێستادا کاتێتی خەون و خەیاڵ و بیرەوەریەکانم بگەڕێنمەوە بۆ ساڵانی ١٩٧٤ و ١٩٧٥ قوتابخانەی ڕزگاری و پیرەمێری گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکوك لەگەڵ هونەرمەندو براو هاوڕێ ی تەمەنم فەلاح شوانی .. لەو کاتەوە خەم و خۆشی و یادگاریەکانمان تۆمار کرد تاوەکو ئەمڕۆ ، کەمترین باسمان کردوە لە ڕۆژنامەو سوسیال میدیا ، لەو کاتەوە لە قۆناغی سەرەتایی تاوەکو ناوەندی کاوە لە ئیسکانی کەرکوك ئێمە هاوخەم و هاو ڕێگاو هاوڕۆژگار بوین ، بیروەریمان لەگەڵ حەمە شنەو خاسەو بازاڕی ئازادی و ئیسکان و شەقامی کۆماری و هۆڵی ئەزموونی کەرکوك بۆ چالاکی هونەری و جووت قاوەو حەسیرەکە و ئەحمە ئاغا و زۆر جێگەی تر ، لەهەر شوێنێکی کەرکوك جێگە پەنجەو پێ هەڵگرتنێمان تۆمار کرد ، پێنچ ساڵی تەمەنی چوار وەرزەی ساڵمان لە شاری سلێمانی بەڕێ کرد هەر پێکەوە لەگەڵ کاکە فەلاح عومەر عەباس ناسراو بە فەلاح شوانی و عەلی سدیق لەبەرتەکێ و پۆلێك لە هاوڕێیانی ئەوکاتی ساڵانی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی وەرگیران لە بەشی شێوەکاری ، دواتر پاش دوو شاڵ من چومە بەشی پەیکەرسازی و کاك فەلاحیش چوە بەشی نیگارکێشان ، لە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکاندا لە پەیمانگاو بەشی ناوخۆیی قوتابیان لە ڕۆژە سەختەکانی شەڕی عێراق و ئێران و بارودۆخی شاری کەرکوك و سلێمانی هەر پێکەوە بووین و خەمەکانمان دابەش دەکرد لەگەڵ یەکتردا بەتایبەتی ئەو ڕۆژانەی کە سەرقاڵی خوێندن و خوێندنەوە بوین بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و تێگەیشتن لە مانای ژیان و هونەر ، بۆ تابلۆیەك یان بەرهەمێکی هونەری لەگەڵ مامی کۆچکردووم غازی محمد ئەمین چەندین گفتووگۆو لێکدانەوەو شیکردنەوەمان بۆ دەکرد یان باس لە سیاسەت و ڕۆنگەی فەیلەسوفەکان و هونەرمەندانی جیهانی ، وێستگەی ماڵی ئێمەو کاك فەلاح و مامم غازی و کاك عەلی سدیق ئەو هەنگاوانە بوون لە دەم ڕێگاوە چەندین بیروڕای جیاجیامان گفتووگۆدەکرد ، ڕۆژانی هەڵهاتن لە دەسەڵاتی ڕژێم و لەترسی هەڵکوتانە سەرماڵان و بازگەکانی نێو شاری کەرکوك ئەویش ئازارو مەینەتیەك بوو ، هونەر لە سەر بناغەیەکی ئەکادیمی و زانستی دانرابوو بە شێویەك کە وورد بونەوەمان بۆ هەموو چەمکەکانی دەکرد وە هەر لەساڵانی ١٩٨٥ وە بەشداری چالاکی هونەریمان دەکرد یان پێشانگای تایبەتیمان دەکردەوە لەکەرکوك و سلێمانی ، لەگەڵ ئەوەی هەر خۆمان لە ڕۆژنامەکان بەتایبەتی هاوکاری و پاشکۆی عێراق و ڕۆشنبیری و بەیان و ڕەنگین بابەتە هونەریەکانمان بڵاو دەکردەوە ، لەساڵی ١٩٨٦ دووەم پێشانگای هونەرمەندانی شاری کەرکوکمان کردەوە لە گەڵ پۆڵێك لە هونەرمەنددانی شاری کەرکوك ، لەبەغداش ڕۆڵێکی گرنگمان گێڕا بەتایبەتی لە بەشداریمان لە پیشانگای هۆڵی ئۆرفەلی کە هونەرمەند ووداد ئۆرفەلی خاوەندارێتی دەکرد کە بە تابلۆ بەشداریمان لە پێشانگای هاوینەی ئەو گەلەریە دەکرد وە لە جەمعیەی شێوەکارانی عێراقی ئەندام بووین وە ئەوکات هونەرمەند هیمەت کاکەیی بەشداریەکی بەرچاوی هەبوو لە پێشانگاکانی بەغدا بەتایبەتی من و هونەرمەند فەلاح عومەر بەشداریمان دەکرد لە پێشانگای ساڵانەی الواسطی و ڕۆژی هونەر کەلە شەقامی الحیفا هۆڵێکی گەورەی هاوچەرخی تێدا بوو ، دەبوو بە ڤیستیڤاڵ ، لە بەشداریمان بۆ پێشانگاکەی جەمعیەی شێوەکارانی عێراقی دوای کردنەوەی پێشانگاکە ئێوارەیەکیان ڕێکخست بۆ هونەرمەندانی بەشدار بوو کە من و کاك فەلاح و هیمەت کاکەیی و سەدرەدین ئەمین کاکەیی ئامادە بوین ،گۆرانی بێژی عێڕاقی کە ئەوکات ترێند بوو عادل عگلە ئێوارەکی خۆش و بەجۆشی دروستکرد بۆ هونەرمەندان وە هەر لەو ئێوارەیەدا چەندین هونەرمەندانی عێراقی ئامادە بوون و پەیوەندیەکی پتەومان دروستکردبوو تاوەکو کارە هونەریەکانمان لەو ڕێگایەوە نمایش بکەین ، لەساڵی ١٩٨٩ لە هۆڵی الڕەشید پێشانگایەکی تایبەتیم کردەوە کە کۆمەڵە کارێکی نوێ ی یەکەرسازی لە کاری ڕیلیڤ بە ستایلێکی نوێ نمایش کرد لەو پێشانگایەدا زۆرێك لە هونەرمەندانی کوردو عێڕاقی ئامادە بوون ، هونەرمەند فەلاح شوانی یەکێك بوو لەو کەسانەی کەلە کەرکوکەوە هات وە هەر ئەو ڕۆژە نوسەرو ڕۆژنامەنووس ئەحلام مەنسور ڕوحی شاد بێت ئامادە بوو وە بابەتێکی بە پێزی لەسەر کارەکانم نوسی وە پێکەوە وێنەیەکی یادگاریمان گرت بێجگە لەوەی کە ڕۆژنامەکانی ئەوکات ( هاوکاری و پاشکۆی عێراق و الچمهوریە و الیرموك ) گۆڤارەکان لەسەریان نووسی بۆ کاری هونەری و کەلتووری کەرکوك ڕۆژێك لە بەغداو ڕۆژێك لە سلێمانی و هەولێر بوین ، بێجگە لەوەی لەنێو شاری کەرکوك لەهەموو وێستگەکان ئامادەیمان هەبوو.
لەساڵی ١٩٩١ پاش دەابڕانێکی یەك ساڵەیی جارێکی تر بەیەك شاد بوینەوە لە دیانا . سۆران وە پێکەوە درێژەمان دا بە هونەرو کاری هونەری و چالاکی هونەری ئەوەبو لە هۆڵی میدایا ی هەولێر پێشانگایەکی هاوبەشیمان لەگەڵ کاك فەلاح شوانی و بژار کەریم کردەوە ، دواتر پێشانگای تایبەتی و بەشداری پێشانگا گشتیەکانمان کرد لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی ، لە ساڵی ١٩٩٣ پێشانگایەکی هاوبەشمان لە شاری حەلەب و قامشلو کردەوە کارە هونەریەکانی من و کاك فەلاح و غازی محمد ، لەساڵانی ١٩٩٣ وە من لە حەلەب و کاك فەلاح لە شام ( دیمەشق ) سوریا ماینەوە بەڵام منیش لە ساڵانی ١٩٩٦ چوومە دیمەشق و لەگەڵ کاك فەلاح پێکەوە لەماڵێکدا ماینەوە ، لەو ماوەیەدا بەشداریمان کرد لە چەند پێشانگایەکی هاوبەشدا چ لە سەنتەری ڕۆشنبیری عێراقی و سەنتەری ڕۆشنبیری ڕووسی و کتێبخانەی گشتی ئەسەد ، وە کاك فەلاحیش پێشانگایەکی تایبەتی کردەوە بۆ کاریکاتێر ، بەڵام دوا چالاکی هونەریمان ئەوەندەی کە پێکەوە بووین پێشنگاکەی مانگی سووری سوریاو خاچی سووری نێودەوڵەتی بوو کە بەکاری پۆستەر براو هاوڕێمان ( شان وانلی) هاوکاریمانی کردو یارمەتی داین ، لێرەوە من قەرزاری ئەو پیاوەم چونکە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو کە چ پێشانگاکەکەمان کردەوە وە هەم هەوڵی دا لە ڕێگای نەتەوەیەکگرتوەکانەوە وەکو پەناهەندەیەك کارمان ئاسان بکەن و بگەمە هۆڵەندا ، هەرچەندە من وەرگیرابووم لە ڕێکخراوی پەناهەندەیی نەتەوەیەکگرتووەکان ، لە ١٠ / ١٢ / ١٩٩٦ من لە دیمەشقەوە کۆچم کرد بۆ ئەمستردام ، لەدوای ساڵێك هاوڕێ و برام کاك فەلاح چوو بەرەو ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ، کۆتا جار لەدوای…… زەمەن و ڕۆژگار جیایی کردینەوە هەریەکەمان بەرەو کیشوەرو ژیانێکی تر .. بەڵام پاش چەند ساڵێك لە دابڕان جارێکی تر لە ڕێگای سۆسیال میدیاوە گوێم لەدەنگ و ڕەنگی برای هونەرمەندم کاك فەلاح بوو .
.. پێکەوە نەمانهێشت هونەرێکی تاریکی لەدایك بێت ..
ئەم سەردێڕەم بۆ ئەوەیە کە دەمەوێت باسی ساڵانی ١٩٨٥ بکەم تاوەکو ١٩٨٩ بکەم ئەو کاتەی کە دەمانویست بیرۆکەیك بکەین بەکارێکی هونەری و دایبڕێژین لە سەر کەڤاڵ یان وەکو ڕیلیڤ و پەیکەر ، زۆر جار بە هێڵکاریمان دەکرد بۆ بیرۆکەیەك د وو تا سێ جار گفتوگۆمان لەسەر دەکرد ، ئایا تاچەند مانا بەخشە وە دەربڕین لە چی دەکات ، کۆڵانە تاریکەکە یان باریکەکە یان تەنگەبەر و پشیلەیەڵ و ئۆتۆمۆبیلێکی لاندکرۆزی جەیشی شەعبی و ئیستغبارات ، یان وێنەی پیاوێك لە نێو زیندانەکان ، یان گوڵەبەڕۆژەیەك کە مانای سەقامگیری و هیواخواستن بۆ ڕۆژگارێکی نوێ ، ئەو ڕووداوانەی کە ڕۆژانە لە شاری کەرکوك و شارەکانی تری کوردستان ڕوویان دەدا کاردانەوەیەکی ڕاستەو خۆی هەبوو لەسەر فۆرم وکارە هونەریەکانمان ، بەتایبەتی گرتن و ڕاونانی کۆڵان بەکۆڵانی گەڕەکەکانی ئازادی و ئیسکان و ڕەحیم ئاوا و شۆرجەو عەرەسەکەو حەسیرەکەو ئیماقاسم و زۆر جێگەی تر ، وە لە کوردستانیش بەهەمان شێوە ڕۆژانە خەڵکانێکی بێ تاوان دەگیران و لە سێدارە و گوللە باران دەکران بە بەرچاوی خەڵکانەوە .. ئەمانە هەوێنی ئەو تابلۆیانە بوون کە هونەرمەندانی شاری کەرکوك بوو بەبابەت و فۆرمەڵەی ئەو ڕۆژاگارانە ، هەر بۆیە زۆرترین چالاکی هونەریمان لە ژێر چەتری ئەو تاریکیەدا نمایش کرد لە هۆڵی هونەری نوێ ی کەرکوك ، هەر لە کردنەوەی پێشانگا و نمایشی شانۆیی و کۆڕ بە زمانی کوردی ،، چۆن بە زمانی کوردی لەو سەردەمەدا : بە هۆی پەیوەندیەکی باشمان لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی ناوخۆی کە بەڕێوبەرەکەی شاعیرێکی عەرەب بوو بەناوی مورشد الزوبیدی دواتر سامی ناوێك بەڕێوبەر بوون ، وە چەندین هونەرمەندی تری کورد لەو سەنتەرەدا کاریگەری هەبوو ، ئێمەش ئەوەمان بەفرسەتێك دەزانی کە کاتی چالاکی وهونەریە هەر بۆیە من لە ساڵی ١٩٨٥ پێشانگای یەکەمی خۆمم کردەوە دواتر کاك فەڵاح و کاك عەلی سدیق و محمد ساڵەیی وعەلی دەروێش و سەلاح حەمە ئەمین و ئەحمەد فایەق و ئازاد ڕەش و سوعاد ستارو ئاری بابان و علی یوسف و خالد حسێن وپێشانگای دووەمی هونەرمەندانی کەرکوك و پێشانگای منداڵان لەگەڵ مامۆستا عبداللە سەراج و دواتر هەر لەو ساڵانەدا چەند کۆڕو کۆبونەوەیەکی شیعری و توێژینەوەی بۆ مامۆستایان ئەحمەد ساڵارو بەدیعە دارتاش و ئەنوەر قەرەداغی و کۆمەڵێك لە نوسەرانی ساری کەرکوك هەر لەو هۆڵە هونەریەدا کەبە هۆڵی هونەری نوێ ناسراوە سازدرا ، بەداخەوە دواتر بو چایخانەی المنورە .
ئامادەیی من و هاوڕێ ی تەمەنم شێوەکار فەلاح شوانی نەك تەنها لە هۆڵە هونەریەکاندا بوو بەڵکو لە چایخانەکەی ئەبو عاسی و الشموع و نەقابەی وهونەرمەندانی عێراقی هەبوو بۆ گفتوگۆو لێکدانەوەو دروستکردن و کۆکردنەوەی نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردو عەرەب و تورکمان ، وە زۆر گرنگیمان دەدا بە بڵاوکردنەوەی چالاکیە هونەریەکان لە ڕۆژنامە کوردیەکانی ئەو کات وەکو هاوکاری و پاشکۆی عێراق و گۆڤاری ڕەنگین و ڕۆشنبیری و الطلیعە العربیە و زۆر ڕۆژنامەو گۆڤاری تری ئەو سەردەمە ، بەتایبەتی نوسەرو ڕۆژنامەنووس کاك تاریق کارێزی و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد زۆریان لەسەر ئەو چالاکیانە نوسی، هەر بۆ بۆیە ئێمە چرایەکی گەشاوە بوین بۆ رۆژگارێکی تاریك لە شاری کەرکوك کە چەندین لاوی ئەوکات گرنگی بە هونەرو بەشداری بینینی چالاکیە هونەریەکانمان بکەن .
کەرکوك تەنها وێستگەیەك نەبوو بۆ ئێمە بەڵکو لە شارەکانی وەکو سلێمانی وهەولێرو بەغدا هەردەم ئامادەیمان هەبوە لەنێو پێشانگا هاوبەشەکان و بەشداریمان لە ڤیستاڵە هونەریەکان بەتایبەتی ڕۆژی هونەری جیهانی ، لەساڵانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٦ کاتێك لە سوریا بوین بەشداریەکی کارامان هەبوو بۆ نمایش کردنی کارە هونەریەکانمان چ پێشانگای تایبەتی یان هاوبەشی ، هەر خەونی ئەو شالانە بوو کە چۆن دەستمان پێکرد ئاوهاش بەردەوامیمان دا بە تایبەتمەندێتی شاری کەرکوك و ئازارەکانمان کرد بە ئازارێکی جیهانی تاوەکو هەموو م رۆڤەکان لە خۆ بگرێت ، دەنگی خۆمان و ناسنامەو شارەکەمان گەیاندە نێوەندی ئەو وێستگە هونەریانەی کە مرۆڤەکان بەتامەزرۆوە دیدەی لێ دەگرن و گرنگی بەو باس و رووداوانە دەدەن .. دوا چالاکیمان لەگەڵ هاوڕێ ی تەمەن شێوەکار فەلاح شوانی ئەو پێشانگایە بوو کەلە کتێبخانەی ئەسەد بو هەر یەکەمان بە ١٠ تا ١٥ پۆستەری سیاسی بەشداریمان کرد بۆ خاچی سووری ووڵاتی سوریا ، دوای پێشانگاکە ئەو گەڕایەوە بۆ سەردانێکی کوردستان منیش لە ١٠ دیسەمبەری ١٩٩٦ لە ڕێگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە کۆچم کرد بۆ ئەمستردام ووڵاتی هۆڵەندا .